ئۆبژەکتیڤیزم
ئۆبژەکتیڤیزم سیستمێکی فەلسەفییە لەلایەن «ئاین ڕاند»ی نووسەر و فەیلەسووفی ڕووسی-ئەمریکییەوە پەرەی پێدراوە و ناو نراوە. وەکوو خۆی دەیگێڕێتەوە، پوختەی فەلسەفەکەی ئەمەیە: «مرۆڤ لە گوێن بوویەکی قارەمان تێگەیین، کە بەختیاریی خۆی ئامانجی ئەخلاقیی ژیانییەتی و، پێکھێنانی کاری بەبەرھەم شەریفترین کردەوەیەتی و، ئەقڵ تاقانە یەکلاییکەرەوەیە بۆی.»[١]
ڕاند یەکەمجار باوەڕە فەلسەفییەکانی لە چیرۆکە خەیاڵییەکانیدا دەربڕیوە، بە تایبەتی لە ڕۆمانەکانی سەرچاوکە (١٩٤٣) و ئەتڵەس شانی ھەڵتەکاند (١٩٥٧)، دواتریش لە وتار و کتێبە ناخەیاڵییەکاندا.[٢] لیۆنارد پیکۆف، مامۆستای فەلسەفە و جێگەداری فیکریی ناودێرکراوی ڕاند،[٣] دواتر پێکھاتەیەکی فەرمیتری پێبەخشی. پیکۆف ڕای گەیاند ئۆبژەکتیڤیزم تا دەگاتە حاندی «پرەنسیپە بنەڕەتییەکانی» کە لەلایەن خودی ڕاندەوە دانراون، وەکوو سیستمێکی داخراو وایە و ناگۆڕدرێ. بەڵام، وتیشی «ھەمیشە دەتوانرێ مانای شاراوە و بەکاربردن و یەکخستنی نوێ بدۆزرێتەوە.»[٤]
دۆزە سەرەکییەکانی ئۆبژەکتیڤیزم بریتین لەوەی کە:
- وشیاری ببێ یا نەبێ، واقیع ھەیە،
- ئینسان و ئەم واقیعە، لە ڕێگەی بەھرەی پێزانین و ھەستپێکردنەوە، کە ھیی ئینسانە، ڕاستەوخۆ لێک دەکەون (بڕوانە ڕیالیزمی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ)،
- ئینسان دەتوانێ زانیارییەکان لەمەڕ واقیع کە لە ڕێگەی ھەستەکانی جەستەیەوە دەستی کەوتووە، بخاتە ناو پرۆسەی تێگەیشتەسازی و ئیستیقرا و، بۆ خۆی بیکا بە مەعریفەتی عەینی (ناسیاریی لە ئۆبژەکان)،
- ئامانجی ئەخلاقیی دروست لە ژیانی ئینساندا ئەوەیە شوێن دڵخۆشی و بەختەوەریی خۆی بکەوێ،
- تاکە سیستمی کۆمەڵایەتیی سازگار لەگەڵ ئەم ئەخلاقە کە دەبێ ڕێزی تەواو لە مافەکانی تاکەکەس بگرێ، سەرمایەداریی بەدوور لە دەستێوەردانی حکوومەتە (laissez-faire capitalism)،
- ڕۆڵی ھونەر گۆڕینی ئیدیا مێتافیزیکییەکانی ئینسانە، ئەویش بە دەستچنکردنی واقیع و بەرھەمھێنانەوەی لە شێوەیەکی فیزیکیدا کە بەرھەمی ھونەریی پێ دەڵێن.
سەرچاوەکان
- ^ ڕۆمانی ئەتڵەس شانی ھەڵتەکاند، نووسراوی ئاین ڕاند
- ^ Badhwar، Neera K.؛ Long، Roderick T. (2023)، Zalta، Edward N.؛ Nodelman، Uri (eds.)، «Ayn Rand»، The Stanford Encyclopedia of Philosophy (چاپی Winter 2023)، Metaphysics Research Lab, Stanford University، لە ٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ ھێنراوە
- ^ «The Heirs Of Ayn Rand: Has Objectivism Gone Subjective». linguafranca.mirror.theinfo.org. لە ٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ ھێنراوە.
- ^ «Fact and Value». peikoff.com (بە ئینگلیزیی ئەمەریکایی). ٢٩ی ئازاری ٢٠١٠. لە ٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ ھێنراوە.