فەزیلەت
فەزیلەت (وەرگێڕانەکان: ڕەوشتبەرزی، ئاکارباشی، ڕەندی) چۆناوچۆنیی بەسەرداھەبوونە لە باری ئەخلاق یا زانایی یا تێگەیشتوویییەوە. باوەڕ ئەوەیە کە داچاندنی فەزیلەتەکان و برەوپێدان و وەڕمێنخستنیان خێری بەشەر و قازانجی مرۆڤایەتیی تێدایە و، بەم بۆنەوە، وەکوو ئامانج و مەبەستی دوایین لە ژیاندا دەنرخێندرێن و، لە جێگای بنەڕەتیترین پرەنسیپەکانی بووندا دادەنرێن. لە ئەخلاقیاتی کرداریدا، فەزیلەت بە مانای خوو و خدەی ھەڵبژاردنی ئەو کردەوە و قسانەیە کە ستانداردی ئەخلاقیی بەرز بنوێنن، یانی کردنی ئەوەی دروست و ڕەوایە و نەکردنی ھەر چی ھەڵە و ناڕەوایە.
ئەدەب، ئازایەتی، لەکارزانی، بەبەزەییبوون، دڵاوابوون، عەداڵەت، وەفا، خاکەڕایی و بێدەماری، ڕاستبێژی، سادەیی، سنگفراوانی، پشوودرێژی و، قەبووڵکردنی بەرپرسیارەتی، چەند نموونەیەک لە فەزیلەتەکانن.[١]
وشەکان
وشەی فەزیلەت عەرەبییە و بە مانای بەرزبوونی پایە و بەسەرداھەبوونە.[٢] وشەی virtue کە لە زمانی ئینگلیزیدا بە کار دێ لە بنەڕەتدا بە مانای پیاوەتی و جوامێری و مەردوڕەندییە.[٣] لە کوردیدا ھەندێ جار «ڕەوشتبەرزی» دەوترێ. عەلی نانەوازادەش لە وەرگێڕانی وەھای گوت زەردەشتدا وشەی «ئاکارباشی»ی وەک ھاوسەنگی کوردیی فەزیلەت بە کار بردووە.[٤] ھەروەھا، ئازاد بەرزنجی لە وەرگێڕانەکەی بۆ ھەمان کتێبی نیچە وشەی «ڕەندی»ی بە کار ھێناوە.[٥]
لە یۆنانی کۆندا
فەیلەسووفان ماناگەلی جیاوازیان بۆ فەزیلەت پێشکەش کردووە. سوقرات فەزیلەتی بە ھاوسەنگی مەعریفەت دەزانی، بەو مانایە کە کەسی ئاقڵ ئەوە دەکا کە دەزانێ ھەقە و دروستە. ئەفلاتوون دەیوت فەزیلەتی ھەر شتێ کەماڵی ئەو شتەیە. ئەرەستووش پێی وا بوو کە فەزیلەت دەبێ گرتنی «ڕادەی ناوەڕاست»[تێبینی ١] دەستەبەر بکات.[٦] مەبەست لە ڕادەی ناوەڕاست یا ناوەڕاستی زێڕین[تێبینی ٢] ئەو ڕادەیەیە لە نێوان زۆر و کەمدا کە دڵخواز و پەسەندکراوە. بۆ وێنە، لە ڕوانگەی ئەرەستووەوە، نەترسی و ئازایەتی فەزیلەتە، بەڵام لە ڕادەی ناوەڕاستدا؛ ئەگەر زۆر بێ، ئیتر ئازایەتیی پێ ناوترێ و ناوی ھەڵەشەیی و سەرەڕۆیی و تەنانەت گەوجییە، ئەگەریش کەم بێ، ترسەنۆکی و نەوێرییە.[٧]
تێبینییەکان
سەرچاوەکان
- ^ «Virtues - Wikiversity». en.m.wikiversity.org (بە ئینگلیزی). لە ٢ی نیسانی ٢٠٢٣ ھێنراوە.
- ^ موکریانی، گیو. فەرھەنگی نۆبەرە.
{cite book}
: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: خاڵبەندیی زیادە (بەستەر) - ^ «virtue | Etymology, origin and meaning of virtue by etymonline». www.etymonline.com (بە ئینگلیزی). لە ٢ی نیسانی ٢٠٢٣ ھێنراوە.
- ^ نیچە، فریدریش (٢٠٠١). وەھای گوت زەردەشت. لەلایەن نانەوازادە، عەلی وەرگێڕدراوە. ھەولێر: دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی موکریانی.
{cite book}
: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: خاڵبەندیی زیادە (بەستەر) - ^ بەرزنجی، ئازاد. زەردەشت وەھا دوا. سەردەم.
{cite book}
: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: خاڵبەندیی زیادە (بەستەر) - ^ «بررسی تطبیقی فضیلت از دیدگاه کانت و فارابی».
{cite web}
: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر) - ^ ئەرەستوو، ئەخلاقیاتی نیکۆماخۆسی.