نیکۆلۆ مەکیاڤێلی

وێنەی نیکۆلۆ مەکیاڤێلی

نیکۆلۆ مەکیاڤێلی (بە ئینگلیزی: Niccolò Machiavelli، ١٤٦٧–١٥٢٧[١]) نووسەر، سیاسی و فەیلەسووفی ئیتالیایی بوو. مەکیاڤێلی لە ناسراوترین فەیلەسووفانی سیاسیە و بە شوێنکەوتوانی بیر و بڕواکانی ئەو مەکیاڤێلیست دەوترێ. ناسراوترین نووسراوەی مەکیاڤێلی دوو کتێبە لە بارەی سیاسەتەوە بە ناوی میر و دەمەتەقێ. بێرتراند ڕەسڵ لە وەسفی مەکیاڤێلیدا وتویەتی مەکیاڤێلی لوتکەیە لە فەلسەفەی سیاسیدا.[١]

مەکیاڤێلی لە کتێبی میر ‌دا هێزی تازەی دایە تیۆریی سیاسی و ئەوەی لەوێدا باسی دەکات بە یەکەم دەربڕین دادەنرێ لە ئایدیۆلۆژیی ڕەهایەتی Absolutism. مەکیاڤێللی لە فلۆرینس کارمەند بوو، ساڵانی ساڵ وەک دیپلۆماتێک کاری بۆ دەوڵەت دەکرد. ساڵی 1512 باوی نەما و پاشەکشەی کرد، لە ماوەی ئەو دوورەپەرێزییەی بەسەریدا سەپێنرا ‌میر‌ و چەندین بەرهەمی دیکەی کاریگەری نووسی، وەک: Discorsi sopra la prima deca di Tito Livio - «تۆژینەوەیەک لە یەکەم دە کتێبی Titus Livius‌‌»‌.

نیکۆلۆ مەکیاڤێلی

پاپافەرمانی و بیری میللەتدۆستی

ئەو دەمە ئیتالیا دابەش بووبوو بەسەر چەندین حوکومڕانیی هەمەجۆردا. ئەم فرەبەرەکییە، ڕۆژبەڕۆژ دەبووە لاوازییەکی ئاشکرا. لە باکوور و ڕۆژاوا دەوڵەتی میللیی بەهێز و هاوئاهەنگی فرانسە و سپانیا فراژووت. دەوڵەتی پاپافەرمان دەستەڵاتی هێندە کاریگەر بوو، هەموو هەوڵدانێکی بەرەو یەک گرتنی ئیتالیا ڕێبەست کردبوو.

لەم هەلومەرجەدایە مەکیاڤێللی بیری میللی و نیشتیمانپارێزیی ئیتالیا لە ‌»‌میر‌« دا دەخاتە ڕوو. مەکیاڤێللی دەڵی: لە سایەی کڵێسەوەیە ئێمەی ئیتالیایی لادینین، هەر لە سایەی کڵێسەشەوەیە ئیتالیا وەها لەتلەت و لاوازە.

پەیڕەوانی بیری مرۆڤایەتی Humanism، سەردەمی دێرینی کلاسیکیان بەرز دەنرخاند و مەکیاڤێللیش لەسەر هەمان ڕایە. بەڵام ئەو پێی وایە پەیوەستی سیاسیی دێرین چیدی زیندوو ناکرێتەوە چونکە مەرجە دەرەکییەکان تەواو گۆڕاون. لەبەر ئەوەیە بەشێک لە تۆژەران پێیان وایە بۆچوونی مەکیاڤێللی پەی بردنێکی سەرنجڕاکێشە دەربارەی ڕێژەگەرایی Relativism ی هەم سیستەمی سیاسی و هەم مێژوو.

مرۆڤنۆڕی

مەکیاڤێللی دەڵێ مرۆڤ سروشتانە خۆویستە، دڕ و چاوچنۆکە: بەخشینی بکوژی باوکی خۆی لا ئاسانترە لە بەخشینی کەسێک میراتی باوکی ئەمی خواردبێ. مرۆڤ دەسەڵاتویستە، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستی بە ئاسوودەگی و پاراستنە.

ئەمانە ڕاستی نەگۆڕن و سیاسەتمەدار تەنانەت میری تاکفەرمانیش دەبێ ڕەچاویان بگرێ. مەکیاڤێللی ئەم پەی بردنە تەماوییە بە ڕستەی ئامۆژگارانە دادەڕێژێ. مەکیاڤێللی دەڵێ میر بۆی هەیە ژێردەستەی خۆی بکوژێت، بەڵام نابێ نابووتیان بکات. میر دەبێ، بەر لە هەر شتێک، پێداویستی دڵنیابوونی ژێردەستانی خۆی دەستەبەر بکات و دەسەڵاتویستییان بکاتە دەسەڵاتویستیی میللی.

کەواتە میر بۆی هەیە بەرانبەر ژێرکردەکان ویژدانبەدەر بێت، بە مەرجێک مەیلی سروشتکردیان ئازار نەدات. پێش هەموو شتێکیش میر دەشێ و دەبێ بەرانبەر میر و دەوڵەتانی دیکە ویژدانبەدەر بێت، چونکە ئەوان ڕکابەری ئەون و گەورەترین کۆسپن لە ڕێی پەلهاویشتنی دەوڵەتەکەی ئەودا. ژێرکردەش دەبێ تەواو ملکەچی دەستوور بن و ئەوەی سەرپێچی لە دەستوور بکات بە ئەوپەڕی بێبەزەییەوه سزا بدرێت.

تەوەرەکانی بیری سیاسی

بیری سیاسیی پارەپارەی مەکیاڤێللی ئەم سەرباسانە دەگرێتەوە:

- بیری نەگۆڕیی سروشتی مرۆڤ.

- بۆچوونێکی ساکاری ڕێژەگەرایی مێژوو.

- باوەڕێکی چەسپاو بەوەی ئاکاری دونیاکرد دەبێ سەر بۆ دەوڵەت و میللەت فروو بێنن و بەو جۆرەش ئاکاری ژێرکردەکان دەبێ لە لایەن مەزنایەتی سیاسییەوە دیاری بکرێت و سەرۆکایەتیش تەنیا بەرژەوەندی میللەتەکەی خۆی ڕەچاوە بگرێ.

فەلسەفەی سیاسیی ماکیاڤێلی سێ لایەنی فەلسەفەی سیاسیی ماکیاڤێلی، وەک بەناوبانگترین فەیلەسووفی سیاسیی سەردەمی رێنسانس، لە سەردەمی ئێستادا بۆ فەلسەفەی سیاسیی ڕزگاریخواز گرینگە کە تێڕامانی لە سەر بکەین: سروشتی مرۆڤ، سروشتی دەسەڵات و ستراتیژی. فەلسەفەی سیاسیی ماکیاڤێلی پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ ڕوانگەی ئەو بۆ سروشتی مرۆڤ هەیە. بە گشتی، ماکیاڤێلی وەک بەناوبانگترین فەیلەسووفی سیاسی کە ڕوانگەیەکی ڕەشبینانەی بۆ سروشتی مرۆڤ هەیە، دەناسرێ. لە ڕوانگەی ماکیاڤێلییەوە، مرۆڤ سروشتێکی نەگۆڕی هەیە و ئەوە وا دەکا کە هەڵسوکەوتەکانی بە درێژایی زەمان نەگۆڕدرێ. داهێنانی ماکیاڤێلی سەبارەت بە تێگەیشتن لە سروشتی مرۆڤ کاتێک ڕوون دەبێتەوە کە بزانین ئەو کاتە هەم ئایینی مەسیحییەت و هەم قوتابخانەی ئۆمانیسم ڕوانگەیەکی گەشبینانەیان سەبارەت بە سروشتی مرۆڤ هەبوو. لە ڕوانگەی ماکیاڤێلییەوە، مرۆڤ بوونەوەرێکی خۆویست، بەتەماح و دەستدرێژیکەرە. مرۆڤ لە بکوژی باوکی زووتر خۆش دەبێ هەتا لە کەسێک کە میراتی باوکی دزیوە! مرۆڤ بوونەوەرێکی دەسەڵاتخوازە. ئەو تایبەتمەندییانەی مرۆڤ نەگۆڕن و سیاسەتوانان دەبێ لەبەر چاویان بگرن. شا نابێ ڕەعیەتەکانی خۆی تاڵان بکا. شا پێش هەموو شتێک دەبێ پێداویستیی ڕەعیەتەکانی خۆی بە هێمنایەتی دابین بکا و دەسەڵاتخوازیی تاکەکەسیی ئەوان بکاتە دەسەڵاتخوازیی نیشتمانی. بەڵام ڕوانینی ڕەشبینانەی ماکیاڤێلی بۆ سروشتی مرۆڤ بەو واتایە نییە کە سروشتی مرۆڤ هەردەم خراپەی لێدەکەوێتەوە بەڵکوو دەرکەوتنی تایبەتمەندییەکانی سروشتی مرۆڤ بەپێی ژینگەی سیاسی دەگۆڕدرێ. بە بۆچوونی ماکیاڤێلی، لە سیستمێکی سیاسیی باشدا، داشکانەوەی سروشتیی مرۆڤ دەکەوێتە خزمەت ئامانجە باشەکانی دەوڵەتەوە. بەڵام لە سیستمی سیاسیی خراپدا، دەستدرێژی و تەماح و دەسەڵاتخوازی مرۆڤەکان دەبێتە هۆی ناتەبایی و گەندەڵی. ماکیاڤێلی چەند نموونە لە سیستمە سیاسییەکانی دەوڵەتە بچووکەکانی ئیتالیا دەهێنێتەوە کە بوونەتە هۆی ناتەبایی و گەندەڵی. ئەو پێی وایە هەلومەرجی فەرانسە و سپانیا باشترە بەڵام نەک لە بەر ئەوەی فەرانسییەکان یان سپانییەکان باشترن (چونکە سروشتی مرۆڤ لە هەموو شوێنێک وەک یەکە) بەڵکوو لە بەر ئەوەی دەوڵەتەکانیان بە توانا و ڕێکوپێکن. کتێبی میر وەک دەربڕینی ناسیۆنالیسمی ئیتالیاییش دەناسرێ چونکە ئەو کاتە ئیتالیا بە سەر چەند دەوڵەت-شاردا (میلان، فلۆرانس، ڤێنیز، رۆم و ...) دابەش کرابوو. هەر لەو کاتەدا لە باکووری ئیتالیا دەوڵەتی فەرانسە و لە ڕۆژئاوای ئیتالیا دەوڵەتی سپانیا وەک دوو دەوڵەتی بەهێز دەرکەوتبوون. هەروەها دەوڵەتی پاپ لە ئیتالیا ببوو بە ئاستەنگێک بۆ ئەو کەسانەی کە و دوای یەکگرتوویی ئیتالیا دەکەوتن. ماکیاڤێلی بە توندی و دەمارگرژییەوە دژی دەسەڵاتی سیاسیی پاپ بوو. ماکیاڤێلی ڕەخنەی لە دەستتێوەردانی کلیسا لە دەسەڵاتی سیاسیدا دەگرت و بەڵگەی لە وتەکانی مارسیلیوس دەهێناوە کە سیاسەت دەبێ بە تەواوی لە بیروباوەڕی ئایینی جودا بێ و دەوڵەت دەبێ بەپێی بنەما نائایینییەکان و تەنیا بەپێی بەرژەوەندیی نەتەوەیی هەڵسووڕێ. واتە ڕزگاری لە ڕوانگەی ماکیاڤێلییەوە، ڕزگاریی نەتەوایەتی بوو و ئەوەش تەنیا بە پێکهێنانی دەوڵەتێکی نەتەوەیی ناوەندیی بەهێز دەستەبەر دەکرا. لە سەردەمی ماکیاڤێلیدا حکوومەتی ئاریستۆکراسی خاوەن زەوی زاڵ بوو کە ئەو لێی بێزار بوو. ماکیاڤێلی لە کتێبی میر دا پێی وا بوو حکوومەتی پاشایەتی ڕەها تاقە حکوومەتێکە کە دەتوانێ ڕێکخستنێکی کۆمەڵایەتی گارانتی بکا و ببێتە هۆی گەشە و پەرەسەندنی دەسەڵاتی دەوڵەت. بەڵام لە کتێبی گوتارەکان دا داکۆکی لە سیستمی کۆماری کرد. ئێستا با بزانین ماکیاڤێلی چۆن گەیشتە ئەو ئاکامانە و فەلسەفەی سیاسیی ئەو دەتوانێ چ خزمەتێک بە ڕزگاری بکا. ماکیاڤێلی تێگەیشتبوو کە گۆڕانێکی بنەڕەتی ڕووی داوە ئەویش دابڕانی بواری سیاسەت لە بواری کۆمەڵگەیە. کاتێک سیاسه‌ت وه‌ک بوارێکی سه‌ربه‌خۆ و جیاواز که‌ کۆمه‌ڵگە ده‌رده‌که‌وێ، دیارە یاساکانی گەمەی سیاسیش جیاواز دەبێ لە کایەی کۆمەڵایەتی. ماکیاڤێلی باس له‌ ستراتیژی ده‌کا بۆ وه‌ده‌ست‌خستن و کۆنترۆڵی ئه‌و دامەزراوەی کە ده‌سه‌ڵات له‌ نێویدا بەرهەم دێ. یه‌که‌م ده‌ستکه‌وتی هزریی ماکیاڤێلی بۆ فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیی مۆدێرن ئه‌وه‌یه‌ که‌ سیاسه‌ت له‌ بواری گشتییه‌وه‌ گوازراوه‌ته‌وه‌ بۆ بوارێکی پسپۆڕانە که‌ ته‌نیا که‌سانی شاره‌زا و هه‌ڵکه‌وته‌ و خاوه‌ن هونه‌ری سیاسه‌تی تایبه‌ت ده‌توانن ده‌ستیان پێی ڕابگا. له‌ ڕاستیدا ‌ماکیاڤێلی ڕوانینێکی سیستمی بۆ ده‌سه‌ڵات هه‌یه‌ که‌ ده‌ست پێڕاگه‌یشتنی، پێویستی به‌ ڕوانینێکی جیاواز هه‌یه. به‌ پێی ڕوانینی تایبه‌تی ماکیاڤێلی، ده‌سه‌ڵات له‌ یه‌ک جێ کۆ نابێته‌وه‌ و سروشتی ده‌سه‌ڵات به‌ پێچه‌وانه‌ی تێگه‌یشتنی باو "نا‌-کانگایی" ه‌. یانی وا نییه‌ که‌ له‌ شوێنێکی تایبه‌ت و له‌ نێو ناوه‌ندێکی تایبه‌تدا بێ و زۆر به‌ ئاسانی ده‌ست ‌بکه‌وێ. به‌ڵکوو هه‌م ده‌ستڕا‌گه‌یشتن به‌ ده‌سه‌ڵات و هه‌م ڕاگرتنی دەسەڵات پێویستی به‌ پلان هه‌یه‌. ئه‌و پلان و نه‌خشه‌ و گه‌ڵاڵانه‌‌ له‌ چاخی ئێستا‌دا پێی ده‌گوترێ «ستراتێژی».[١] هه‌ر له‌و پەیوه‌ندییه‌دا ماکیاڤێلی بابه‌تێکی گرینگی دیکه‌ ده‌ورووژێنێ که‌ نیشان ده‌دا له‌ ڕوانگه‌ی ماکیاڤێلییه‌وه‌ ده‌سه‌ڵات گرێدراوی که‌سانێکی تایبه‌ت یان په‌یوه‌ست به‌ ناوه‌نده‌کانی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ نییه‌ و هه‌رکه‌س که‌ بتوانێ ئه‌و فۆرموله‌ و ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ له‌ خۆیدا به‌دی بێنێ ده‌توانێ ده‌سه‌ڵات بە دەست بێنێ. بە بۆچوونی ماکیاڤێلی، ده‌سه‌ڵات و وه‌ده‌ست‌خستنی بریتییه‌ له‌ پەیوه‌ندیی نێوان فۆرتون و ڤیرتوو ‌. فۆرتون ئه‌و چاره‌نووسه‌یه‌ که‌ سه‌پێندراوه‌ و مرۆڤی هه‌ڵوه‌دای ده‌سه‌ڵات دەبێ به‌ سه‌ریدا زاڵ بێ. ماکیاڤێلی فۆرتون وه‌ک ژن وێنا ده‌کا که‌ پێویسته‌ پیاو (لێره‌دا و له‌ چوارچێوه‌ی نه‌ریتی مۆدێرندا ده‌کرێ بڵێین سووژەی سیاسی) وه‌ده‌ستی بێنێ. وه‌ده‌ست‌هێنانی دڵی ژنێکی که‌ حه‌زت لێیه‌تی کارێکی سانا و ئاسان نییه‌. بۆیه‌ پێویستی به‌ هونه‌رێک هه‌یه‌. ماکیاڤێلی به‌م هونه‌ره‌ ده‌ڵێ ڤیرتوو. ڤیرتووی سیاسه‌توان یان میری ماکیاڤێلی له‌ ڕاستیدا یانی ئه‌کتیڤبوونی مرۆڤانی هه‌ڵسووراو و چالاک له‌ بواری سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵاتدا؛ یانی ڕەچاوکردنی لۆژیک و پره‌نسیپی تایبه‌ت به‌ بوارێک که‌ به‌ تایبه‌تی له‌گه‌ڵ به‌ربڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌خلاقیاتی مه‌سیحی وه‌ک بوارێکی بێزلێکراو و قێزه‌ون ده‌ناسرا. به‌ پێی پارادایمی ئه‌ریستۆیی تێلۆس یان ئامانجی سیاسه‌ت گه‌یشتن به‌ ژیانی باش ه‌، به‌ڵام ماکیاڤێلی به‌ پێچه‌وانه‌و، پێی وایە تێلۆسی سیاسه‌ت وه‌ده‌ست‌خستنی ده‌سه‌ڵات و پاراستنی ده‌سه‌ڵاتە. که ‌وا بوو ده‌سه‌ڵات که‌ مژاری بواری تایبه‌تی سیاسه‌ته‌ له‌ بۆچوونی ماکیاڤێلیدا گرێدراوی هونه‌رێکی تایبه‌ت و ته‌واو جیاوازه‌ که‌ ئه‌و هونه‌ره‌ هه‌م شتێکی سرووشتییه‌ (وه‌ک ڤیرتوو جۆرێک لێزانین و هونه‌ری تاکه‌که‌سییه‌) و هه‌میش گرێدراوی عه‌قڵانییه‌تێکی تایبه‌تی بواری سیاسه‌ته‌ که‌ خۆی له‌ جۆری تایبه‌تی بینینی ده‌سه‌ڵاتدا ده‌نوێنێ و ئه‌ویش ستراتێژییه‌. ماکیاڤێلی سیاسه‌ت وه‌ک هونه‌ر ده‌ناسێنێ: هونه‌ری لێزانین. زانینی ئه‌وه‌ی که‌ له‌ کوێ و چۆن و له‌ چ کاتێکدا چ کارێک یان هه‌ڵوێستێک ئه‌نجام بدرێ. ته‌نانه‌ت کاتێک باسی فڕوفێڵاوی بوونی میر یان سیاسه‌توان ده‌کا مه‌به‌ستی زۆرتر ئه‌و لێزانینه‌یه‌. یانی سیاسه‌توان ده‌بێ بزانێ که‌نگێ و چۆن له‌ زۆرداری یان دووڕوویی که‌ڵک وه‌رگرێ. وه‌ک باسمان کرد له‌ ڕوانگه‌ی ماکیاڤێلیه‌وه‌ سیاسه‌ت چونکه‌ بوارێکی تایبه‌ت و سه‌ربه‌خۆیه‌، لۆژیک و پره‌نسیپی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌. تۆ ناتوانی به‌ پێی ئه‌خلاق و ڕه‌وشتی باوی نێو کۆمه‌ڵگە له‌ بواری سیاسه‌تدا هه‌ڵسه‌نگاندن بکه‌ی. ئه‌خلاق وه‌ک بوارێکی سه‌ربه‌خۆ باسی خراپه‌ و چاکه‌ ده‌کا، به‌ڵام ئه‌و لۆژیکه‌ ناتوانێ له‌ بواری سیاسه‌تدا بڕەوی هەبێ. هه‌ربۆیه‌ ماکیاڤێلی وه‌ک یه‌که‌م بیرمه‌ند ده‌ناسرێ که‌ سه‌رنجی داوه‌ته‌ ئه‌و کێشه‌یه‌ و ئه‌وانی دوای ئه‌و، ئەو که‌له‌به‌ره‌یان قووڵتر و قووڵتر کرده‌وه‌. وه‌ک دەبینین دڵه‌‌ڕاوکێی ماکیاڤێلی به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک داڕشتنی پلان یان گه‌ڵاڵه‌یه‌ک بۆ هەموو بوارەکانی ژیان نه‌بووه‌. ماکیاڤێلی سه‌رقاڵی بوارێکی تایبه‌ت بوو و ته‌نیا به‌ پێی ئه‌و ئامانجه‌ گه‌وره‌یه‌ی که‌ بۆ خۆی دیاری کردبوو ده‌ستی داوه‌ته‌ نووسین و گه‌ڵاڵه‌ کردنی هزره‌کانی که‌ ئه‌ویش شتێک نه‌بوو جگه‌ له‌ «چۆنێتی وه‌ده‌ست‌خستن و پاراستنی ده‌سه‌ڵات». به‌ پێی ئه‌و بابه‌تانی که‌ له‌ کۆی هزری سیاسیی ماکیاڤێلیدا ئاماژه‌مان پێدان ده‌توانین بڵێن که‌ ته‌وه‌ره‌ سه‌ره‌کییه‌کانی هزری ڕه‌سه‌ن و شۆڕشگێڕانه‌ی ماکیاڤێلی بریتی بوون له‌و خاڵانه‌ی خواروه‌وه‌: یەکەم، سیاسه‌ت بوارێکی سه‌ربه‌خۆ و جیاواز له‌ ئه‌خلاقه، هه‌ربۆیه‌ به‌ پێی ئه‌و جیاوازبوون و سه‌ربه‌ستییه‌ خاوه‌ن لۆژیک، عه‌قڵانییه‌ت و پره‌نسیپی تایبه‌تی خۆیه‌تی. دووهەم، ده‌سه‌ڵات له‌ تاک، دامەزراوە یان مه‌کۆیه‌کی تایبه‌ت و دیاریکراودا کۆ نابێته‌وه‌. ده‌سه‌ڵات گرێدراوی ستراتژی و به‌‌ڕێکخستن بوونه‌. هه‌رکات ‌که‌سێک بتوانێ به‌ پێی ئه‌و عه‌قڵانییه‌ته‌ له‌ نێو گۆڕه‌پانی ده‌سه‌ڵاتدا پلان و ئامانجی تایبه‌ت بۆ خۆی داڕێژێ ئه‌وه‌ ده‌توانێ به‌ ده‌سه‌ڵات بگا. ده‌سه‌ڵات له‌ سه‌رده‌می نوێدا له‌ پاوانی هیچ هێزێکی کۆمه‌ڵایه‌تیدا نییه‌. به‌ڵکوو هه‌رکه‌س که‌ خاوه‌ن ڤیرتوو بێ ده‌سه‌ڵاتیش له‌ لای ئه‌وه. سێهەم، سیاسه‌ت دۆخی بڕیاردان له‌ خۆی ده‌گرێ. ئه‌وه‌ بڕیاره‌ که‌ دۆخه‌کان لێک جیا ده‌کاته‌وه‌ و دۆخه‌کان دیاری ده‌کا. فه‌رمانی شه‌ڕ یان ئاشتی یه‌کێک له‌و دۆخه‌ هه‌ستیارانه‌یه‌ که‌ ناوه‌رۆکی سیاسه‌ت پێکدێنێ. چوارەم، مرۆڤی چالاک له‌ بواری سیاسه‌تدا ده‌بی بۆ ڕێکخستنی هێزه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له‌ هه‌ر دوو ئاست و بواری بوونی مرۆڤ که‌ڵک وه‌رگرێ. مرۆڤ ته‌نیا بوونه‌وه‌رێکی عاقڵ نییه‌ که‌ گشت ئاکاره‌کانی له‌ بازنه‌ی عه‌قڵدا لێک بدرێته‌وه‌، به‌ڵکوو به‌ پێچه‌وانه‌‌وه،‌‌ لایه‌نه‌ نا‌‌عه‌قڵانییه‌کانی بوونی مرۆڤ زۆر به‌ هێزترن به‌ تایبه‌تی له‌ بواری سیاسه‌تدا. هه‌ر بۆیه‌ ماکیاڤێلی قورساییه‌کی زۆر به‌و لایه‌نه‌ ده‌دا و له‌ پێشنیار به‌ چێزارە بورژیادا ده‌ڵێ "به‌رده‌وامترین پەیوه‌ندی پەیوه‌ندییه‌که‌ که‌ له‌ سه‌ر بنه‌مای ترس بێ".[٢]

نوسینەکانی

  • شالیار، جەماڵ زەندی ئەم کتێبەی وەرگێڕاوە سەر زمانی کوردی و چاپەمەنی مادیار چاپ و بڵاویکردۆتەوە.
  • دیسکۆرسەکان لە سەر دە کتێبی یەکەمی تیتو لیڤیو، جەماڵ زەندی ئەم کتێبەی وەرگێڕاوە سەر زمانی کوردی و چاپەمەنی مادیار چاپ و بڵاویکردۆتەوە.

سەرچاوەکان

  1. ^ ئ ا Russell, Bertrand (1983). A History of Western Philosophy. London. pp. Chapter III.

[١] لوقمان کەریمی، "سیاسەت و دەسەڵات لە بیری سیاسیی ماکیاڤێلیدا"، گۆڤاری بیروهزر، ساڵی دووهەم، ژمارە ٢، ٢٠١٦، لل ٩٧-١٠٠. [٢] هەمان.

زیاتر

ویکیپیدیای ئینگلیزی

Från Platon till kommunismens fall - De politiska idéernas historia. Sven-Eric Liedman. «ڕێگوزەری بیری سیاسی» ٩٦-١٠٠

به‌سته‌ری ده‌ره‌کی‌

Machiavelli