سەید جەلالەدین محەممەدیان

سەید جەلالەدین محەممەدیان
لەدایکبووی١٩٤٦ (تەمەن ٧٨–٧٩)
کرماشان، ئێران
بنەچەکورد
چەشنەکانمۆسیقای سوننەتیی ئێرانی، مۆسیقای عیرفانی
پیشە(کان)گۆرانیبێژ، مۆسیقاژەن
ئامێرەکانتەموورە
ساڵانی چالاکبوون١٩٧٢

سەید جەلالەدین محەممەدیان (لەدایکبووی ١٩٤٦ لە کرماشان) گۆرانیبێژێکی کوردی خەڵکی ڕۆژھەڵاتی کوردستانە کە گۆرانیی بە ھەردوو زمانی کوردی و فارسی و، لەسەر شێوازی مۆسیقای سوننەتیی ئێرانی و عیرفانی وتووە. پیاوانی خوا (بە فارسی: مردان خدا) بەناوبانگترین بەرھەمی گۆرانییەتی.

ژیاننامە

سەید جەلالەدین محەممەدیان لە ساڵی ١٩٤٦ لە گەڕەکی فەیزابادی شاری کرماشان لەدایک بووە. لە تەمەنی گەنجییەوە بە ھاندانی مامۆستا سەید ئەمیرۆلا کاتەکبوودی لە گرووپی تەنبوورنەوازان کاری کردووە. دوای ئەوەی دەنگی گەشە دەکات و ئامادەکاریی باش دەکات، لە ١٩٧٢ چالاکییە ھونەرییەکانی لە فەرھەنگ و ھونەری کرماشان دەست پێ دەکات. دواتر بۆ ئەوەی باشتر لە مۆسیقای ڕەسەنی ئێران تێ بگات، ڕوو دەکاتە تاران و لەسەر دەستی محەممەد ڕەزا شەجەریان وەک خوێندکار لە فێرگەی سەبا بۆ ماوەی سێ ساڵ دەخوێنێت و لە ھەمان کاتدا لە خزمەت ئەسغەر بەھاریدا بە ئامێر و دێڕەکانی گۆرانی ئاشنا دەبێت و بۆ ماوەی سێ ساڵی دیکەش لە پۆلی مامۆستا شەجەریان دەمێنێتەوە کە ئەوسا لە ڕادیۆ دەرسی دەوتەوە. ماوەیەکیش لای پرۆفیسۆر مەحموود کەریمی بە مەبەستی تەواوکردنی زانستە موزیکییەکانی خوێندوویەتی. لە ١٩٧٧ دیسان پەیوەندیی بە گرووپی تەنبوورنەوازان کرد.[١] ھاوشێوەی زۆربەی گۆرانیبێژانی تری وەک شارام نازری، کەڵکی لە شیعرە سۆفییەکانی شاعیرە گەورەکانی فارس وەک حافز و مەولانای ڕۆمی وەرگرتووە. لە زۆرینەی بەرھەمەکانی، لەپاڵ تەموورە، دەنگی دەفیش دەبیسترێت.

محەممەدیان لە ١٩٧٩ لەگەڵ ناوەندی پاراستن و بڵاوکردنەوەی مۆسیقا کاری کردووە و گۆرانییەکی سەرنجڕاکێشی بە ناوی «ھەوای نیشتمان» (بە فارسی: هوای وطن) لەگەڵ ئۆرکێسترای تەنبووری شەمس و مەزھەر ئەنوار و ئۆرکێسترای ڕادیۆی ئێران پێشکەش کرد.

محەممەدیان دوای ساڵانێکی زۆری پڕ بەرھەم، لە دنیای ھونەر دوور کەوتەوە.[ژێدەر پێویستە] لەو بارەوە دەڵێ: «… لەبەر ھەندێ ھۆکار لە ھونەر کشامەوە؛ نامەوێ خودان ھونەرێک بم نزم بێ و قسەی بەدواوە بێت.»[٢]

ئەلبوومەکان

ئەلبوومی شیرین شیرینە
  • پیاوانی خودا
  • عاشقی دێوانە
  • ھاوڕێی دڵ
  • زادەی عیشق
  • شیرین شیرینە کە بریتییە لەم گۆرانیانە:
  1. نیلوفرای من
  2. شیرین شیرینە
  3. مثل گلی نگارا
  4. مزار شیرین
  5. گوڵنیشان
  6. ھیچ تقصیری
  7. ئاگرواران
  8. سەفەر خوەش
  9. گل من

پێزانین

سی و دووھەمین فێستیڤاڵی مۆسیقای فەجر لە بەشی پێزانینی لە ٢٦ی شوباتی ٢٠١٦ لە مەراسیمی کۆتاییدا ڕێزی لە سەید جەلالەدین محەممەدیان گرت.[٣]

ھەروەھا لە ١٥ی خاکەلێوەی ٢٠٢٣، ڕێوڕەسمێک بۆ یادی «سەید جەلالەدین محەممەدیان» لە ھۆڵی ڕودەکی لە تاران بەڕێوە چوو، کە تێیدا پارچە مۆسیقای «پیاوانی خوا» لەلایەن گرووپی تەنبوورژەنانی «ڕاز مەھتاب» پێشکەش کرا.[٤]

سەرچاوەکان