مارکوس گارڤەی
مارکوس گارڤەی | |
---|---|
لەدایکبوون | مارکوس مۆسیا گارڤەی ١٧ی ئابی ١٨٨٧ |
مەرگ | ١٠ی حوزەیرانی ١٩٤٠ لەندەن، ئینگلتەرا | (٥٢ ساڵ ژیاوە)
خوێندنگە | بیربەک، زانکۆی لەندەن |
پیشە | بڵاوکەرەوە، ڕۆژنامەوان |
ناسراوە بە | چالاکوان، ناسیۆنالیستی ڕەشپێست، پان ئەفریقایست |
مناڵ(ەکان) | ٢ |
مارکوس مۆسیا گارڤەی جونیۆر (١٧ی ئابی ١٨٨٧ – ١٠ی حوزەیرانی ١٩٤٠) چالاکوانێکی سیاسیی جامایکایی بوو، دامەزرێنەر و یەکەم سەرۆکی گشتی کۆمەڵەی جیھانی گشتگیریی ڕەشپێستەکان و کۆمەڵەی کۆمەڵگە ئەفریقایییەکانە (کە بە شێوەیەکی گشتی بە UNIA ناسراوە)، کە لە ڕێگەیەوە خۆی وەک سەرۆکی ئەفریقییەکان ڕاگەیاند. لە ڕووی ئایدیۆلۆژییەوە، ناسیۆنالیستێکی ڕەشپێست و پان ئەفریقایست بوو، و بیرۆکەکانی بە گارڤیزم ناسراون.
ھەندێک لە کۆمەڵگەی ڕەوەندی ئەفریقییەکان وەک سەرۆکێکی سیاسیی خۆ نمایشکەر سەیریان دەکرد و زۆر ڕەخنەیان لە ھاوکارییەکانی لەگەڵ باڵادەستە سپی پێستەکان و قسە توندوتیژەکانی لە دژی ڕەگەزە تێکەڵەکان و جوولەکەکان دەگرت. ھەروەھا ستایشیش دەکرا بەھۆی ھاندانی ھەستکردن بە شانازی و بەھای خۆیەتی لەنێو ئەفریقییەکان و ڕەوەندی ئەفریقیدا، لەنێو ھەژاری و جیاکاری و کۆلۆنیالیزمدا، لە جامایکاش وەک پاڵەوانێکی نیشتمانی سەیر دەکرێت. بیرۆکەکانی کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر بزووتنەوە و جووڵانەوەکانی تر ھەبووە.
سەرەتای ژیان
منداڵی: ١٨٨٧‒١٩٠٤
مارکوس مۆسیا گارڤەی لە ١٧ی ئابی ١٨٨٧ لە شاری کەنداوی سانت ئان لەدایکبووە کە ئەوکات شارۆچکەیەک بووە لەژێر داگیراریی بەریتانیا لە جامایکا.[١] لە چوارچێوەی کۆمەڵگەی کۆلۆنیالیزمی جامایکادا کە پلەبەندییەکی کۆمەڵایەتی ڕەنگاوڕەنگی ھەبوو، گارڤەی بەھۆی ڕەشپێستییەوە لە نزمترینی پلەکە دادەنرا، کە بە ڕەچەڵەکی ئەفریقی دادەنرا.[٢] بەڵام دواتر لێکۆڵینەوە بۆماوەیییەکان دەریان خست کە باوباپیرانی لە نیمچەدوورگەی ئیبیریا سەرچاوە دەگرن.[٣] باپیرە گەورەی گارڤەی لە لای باوکییەوە پێش ھەڵوەشاندنەوەی کۆیلایەتی لە جامایکا لەدایک بووبوو. سەرناوی بنەماڵەکەی کە بە ڕەچەڵەک ئێرلەندی بوون، لە کۆیلەدارەکانی پێشووی بنەماڵەکەیەوە بۆی ماوەتەوە.[٤]
باوکی گارڤەی، مالچوس گارڤەی، بەردساز بووە؛ دایکی بە ناوی سارا ڕیچاردز، خزمەتکاری ماڵان و جووتیارانی کۆڵبەر بوو.[٤] مالچوس پێشتر دوو خێزانی دیکەی ھەبووە. سارا چوار منداڵی دیکەی ھەبوو، کە مارکوس بچووکترینیانە، ھەرچەندە دوو منداڵیان لە تەمەنی کۆرپەیدا گیانیان لەدەستداوە.[٤] بنەماڵەی مالچوس بەھۆی پیشەکەیەوە لە زۆرێک لە دراوسێ جووتیارەکانیان دەوڵەمەندتر بوون؛ ھەرچەندە مالچوس لە سامانەکەیدا زیادەڕۆیی دەکرد، بەھۆیەوە زۆربەی ئەو زەویانەی لەدەستدا کە خاوەندارێتییان دەکرد بۆ ئەوەی پارەکانی دابین بکات.[٥] مالچوس کۆمەڵە کتێبێکی ھەبوو و کەسێکی خۆپەروەردە بووە؛ ھەروەھا وەک کەسێکی ئاسایی ناوبەناو لە کڵێساکاندا خزمەتی کردوە. مالچوس باوک و مێردێکی نا لێبوردە و سزادەر بووە؛ ھەرگیز پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ کوڕەکەیدا نەبووە.[٦]
تا تەمەنی ١٤ ساڵی، گارڤەی لە قوتابخانەیەکی کڵێسای ناوچەکەی خۆی خوێندوویەتی؛ ھەرچەند پێی وابوو خوێندن بۆ خێزانەکەی بە شتێکی گرنگ نییە.[٤] کاتێک پشووی قوتابخانە دەبوو، گارڤەی لە کێڵگەی کرێچییەکەی مامی دایکیدا کاری دەکرد.[٤] ھەندێک لە ھاوڕێکانی سپی پێست بوون، ھەرچەندە گارڤەی بۆی دەرکەوت کە لەگەڵ گەورەبوونیان خۆیان لێ دوور دەخەنەوە، ئەوەش بەھۆی ڕەنگی پێستییەوە؛[٧] لە چاوپێکەوتنێکدا گارڤەی بیرەوەرییەکی خۆی لە کاتی منداڵیدا لەگەڵ کچێکی سپی پێستی ھاوڕێی گێڕایەوە و بەم شێوەیە پێناسەی کرد:[٨]
سەرەتای کارکردنی لە کینگستۆن: ١٩٠٥‒١٩٠٩
لە ساڵی ١٩٠٥ ڕووی لە کینگستۆن کرد و لەوێ لە گوندی سمیس کە گەڕەکێکی چینی کرێکارەکان بوو، نیشتەجێ بوو.[٤] لە شارەکەدا، لەگەڵ بەشی چاپی کۆمپانیای بەرھەمھێنان، P.A. Benjamin دەستی بە کارکردن کرد. بەھۆی کارەکانییەوە لە کۆمپانیاکە بە خێرایی پلەی بەرزبووەوە، بووە یەکەم سەرپەرشتیاری ئەفرۆ-جامایکی لە کۆمپانیاکە. خوشک و دایکی گارڤەی کە تا ئەو کاتە لە باوکی دوور کەوتبوونەوە، ڕوویان لە شارەکە کرد بۆ ئەوەی لەگەڵیدا بژین.[٤] لە مانگی یەکی ساڵی ١٩٠٧دا، لە کینگستۆن بوومەلەرزەیەک ڕوویدا کە بەشێکی زۆری شارەکەی کاول کرد، ئەمەش وای کرد ئەو و دایکی و خوشکەکەی چەند مانگێک لە شوێنە گشتییەکاندا بخەون.[٤] لە مانگی ئازاری ساڵی ١٩٠٨ دایکی کۆچی دوایی کرد.[٤] کاتێکیش لە کینگستۆن بوو، گارڤەی ئایینی کاسۆلیکی گۆڕی.[٤]
گارڤەی بوو بە ئەندامی یەکێتی کرێکاران،[٩] و جێگری سەرۆکی بەشی نووسەرانی یەکێتی چاپکەران و ڕۆڵێکی سەرەکی لە مانگرتنەکانی کرێکاران ھەبوو لە تشرینی دووەمی ١٩٠٨. مانگرتنەکە پاش چەند ھەفتەیەک شکێنرا، و گارڤەی لە کارەکەی دەرکرا. لەو کاتەوە بە دروستکەری کێشە ناسرا، گارڤەی نەیتوانی کار لە کەرتی تایبەتدا بدۆزێتەوە. کارێکی کاتی لەگەڵ چاپکەرێکی حکومی دۆزییەوە.[٤] دەرئەنجامی ئەم ئەزموونانە، گارڤەی زیاتر تووڕە و خەمبار بوو لە نایەکسانییەکانی کۆمەڵگای جامایکا.
گەشتەکانی بۆ دەرەوەی وڵات: ١٩١٠‒١٩١٤
سەختی ئابووری لە جامایکا بووە ھۆی پەرەسەندنی کۆچکردن لە دوورگەکە بۆ وڵاتی دیکە.[٤] لە ناوەڕاستی ساڵی ١٩١٠، گارڤەی گەشتێکی کرد بۆ کۆستاریکا، لەوێ لە کێڵگەیەکی گەورەی مۆز لە پارێزگای لیمۆن لەژێر خاوەندارییەتی UFC دەستی بە کارکردن کرد.[١٠] دوای ماوەیەکی کەم لە ھاتنی، ناوچەکە تووشی مانگرتن و نائارامی بوو لە دژایەتیکردنی ھەوڵەکانی UFC بۆ کەمکردنەوەی کرێی کرێکارەکانی.[٤] لە بەھاری ساڵی ١٩١١ ڕۆژنامەیەکی بە دوو زمان بە ناوی La Nación دامەزراند کە ڕەخنەی لە کردەوەکانی UFC گرت و زۆرێک لە چینە باڵادەستەکانی کۆمەڵگەی کۆستاریکای لە کۆمپانیاکە ناڕەحەت کرد.
پاشان گارڤەی بە ئەمریکای ناوەڕاستدا گەشتێکی کرد، کاری ئاسایی ئەنجامدەدا، و بە ھۆندووراس، ئێکوادۆر، کۆلۆمبیا و ڤێنیزوێلا گەڕانی دەکرد. پاشان بڕیاریدا گەشت بکات بۆ لەندەن کە ناوەندی کارگێڕی و پایتەختی ئیمپراتۆریەتیی بەریتانییە، بەو ھیوایەی خوێندنی نافەرمی خۆی بەرەوپێش ببات. لە بەھاری ساڵی ١٩١٢ بە کەشتی بەرەو ئینگلتەرا ڕۆیشت. ھەروەھا سەردانی گۆشەی وتاردەرانی کرد لە ھاید پارک و لەوێ دەستی کرد بە وتاردان.[١١] لەو کاتەدا تەنھا چەند ھەزار کەسێکی ڕەشپێست لە لەندەن ھەبوون و وەک کەسانی نامۆ سەیر دەکران؛ کە زۆربەیان وەک کرێکار کاریان دەکرد.[٤] گارڤەی سەرەتا بە زەحمەت لە بەندەرەکانی شارەکەدا کاری پچڕ پچڕی بەدەست دەھێنا.
ڕێکخراوی UNIA
پێکھێنانی UNIA: ١٩١٤‒١٩١٦
بۆ بیری ڕۆشنبیران (مەبەستی لە کۆمەڵەی ڕەشپێستەکانیشە) خەڵکانێکی زۆر سووکایەتیان پێدەکرێت، بڕۆ ناو بەشەکانی وڵاتی جامایکا و لەوێ دەبینیت خراپەکاری بە خراپترین جۆری، بێ ڕەوشتی، و ھەموو جۆرە شتێکی پیس بەکار دەھێندرێت، کینگستۆن و دەوروبەری ئەوەندە پڕن لە ناڕەوایی و قسەی ناشرین بە گەلەکەمان کە ئێمەی چینی ڕۆشنبیر ھەست بە شەرمێکی ئەرێنی دەکەین؛ بۆیە ئەم کۆمەڵگایە (UNIA) ئەرکی خۆی داناوە کە بچێتە ناو خەڵکەوە و بەرزیان بکاتەوە بۆ ئاستی پەسەندکراویی شارستانی.
— گارڤەی، لە وتارێکی ھۆڵی کۆلێژی "دەیلی کرۆنیکڵ" لە ساڵی ١٩١٥ [١٢]
گارڤەی لە تەممووزی ساڵی ١٩١٤ گەیشتەوە جامایکا لەوێدا بینی کە وتارەکەی لە ڕۆژنامەی The Gleaner بڵاوکراوەتەوە.[٤] دەستی کرد بە بەدەستھێنانی پارە بە فرۆشتنی کارتی پیرۆزبایی و سەرەخۆشی کە لە بەریتانیا ھاوردەی کردبوو، دواتر کارەکەی دەگۆڕێت بۆ فرۆشتنی بەردی گۆڕ.[٤]
لە تەممووزی ساڵی ١٩١٤، گارڤەی کۆمەڵەی گشتگیری باشترکردنی ڕەشپێستەکان و کۆمەڵەی کۆمەڵگە ئەفریقییەکانی دامەزراند، کە بە شێوەیەکی باو بە UNIA کورتکراوەتەوە. بە دانانی دروشمی «یەک ئامانج. یەک خودا. یەک چارەنووس»، و پابەندبوونی خۆی بە دامەزراندنی برایەتییەک لە نێوان ڕەگەزی ڕەشپێستەکاندا، بۆ پێشخستنی ڕۆحی شانازی ڕەگەزی، بۆ یارمەتیدانی کەوتووەکان و شارستانیکردنی ھۆزە دواکەوتووەکانی ئەفریقا.[٤] سەرەتا ئەندامی کەمی ھەبوو.[٤] زۆرێک لە خەڵکی جامایکا ڕەخنەیان لە بەکارھێنانی دیار و بەرچاوی گرووپەکە گرت بۆ زاراوەی «ڕەشپێست»، زاراوەیەک کە زۆرجار وەک سووکایەتییەک بەکاردەھێنرا:[٤] بەڵام گارڤەی، ئەم زاراوەیەی لە باوەش گرت بە ئاماژەدان بە خەڵکی ڕەشپێست بە ڕەچەڵەک ئەفریقی.[٤]
ئەمانەش ببینە
بەستەرە دەرەکییەکان
- بەرنامەی ڕادیۆی بی بی سی ٤ دەربارەی مارکوس گارڤەی – بە شێوەی ئۆنلاین گوێبگرە:
- ماڵپەڕی UNIA.
- بنەما ئابوورییەکانی مارکوس گارڤەی ١١ی نیسانی ٢٠٢١ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
- کۆمەڵەی ئەفریقی
سەرچاوەکان
- ^ Cronon 1955, p. 4 ; Hart 1967, p. 218 ; Martin 1983, p. 8 ; Grant 2008, pp. ٨, ٩ .
- ^ «DNA used to reveal MLK and Garvey's European Lineage». The Gio. ١٣ی کانوونی دووەمی ٢٠١١. لە ١٦ی ئایاری ٢٠١٩ ھێنراوە.
- ^ «DNA used to reveal MLK and Garvey's European Lineage». The Gio. ١٣ی کانوونی دووەمی ٢٠١١. لە ١٦ی ئایاری ٢٠١٩ ھێنراوە.
- ^ ئ ا ب پ ت ج چ ح خ د ر ڕ ز ژ س ش ع غ ف ڤ Grant 2008.
- ^ ھەڵەی لوا لە مۆدیوول:Citation/CS1/Date_validation لە ڕیزی 635:attempt to compare nil with number.
- ^ Martin 1983.
- ^ Cronon 1955, p. 8 ; Moses 1972, pp. 39–40 ; Martin 1983, p. ٩ .
- ^ Moses 1972.
- ^ Alexander، Robert J. (2004). A History of Organized Labor in the English-Speaking West Indies. Westport, Connecticut: Praeger. ژپنک ٠-٢٧٥-٩٧٧٤٣-٩.
- ^ Cronon 1955, p. 14 ; Hart 1967, p. 220 ; Martin 1983, p. 15 ; Grant 2008, pp. ٢٤–٢٥ .
- ^ Martin 1983, p. 19 ; Grant 2008, p. ٣٦ .
- ^ Grant 2008, p. 64.